AP ١٤٠٣ گەڵاڕێزان ١٣ ٠٧:٥٦

"الجزیره" ڕاپۆرتی دا؛

ئاشتەوایی تورکیا و پەکەکە تا چەندە ڕاستە؟

ئاشتەوایی تورکیا و پەکەکە تا چەندە ڕاستە؟

هەوڵەکان بۆ ڕێکخستن و ئاشتەوایی لە تورکیا کە لە لایەن سەرچاوەیەکی چاوەرواننەکراوەوە پێش دەخرێت، تا چەند دەتوانێ کۆتایی بە چەند دەیە شەڕ لەو وڵاتەدا بهێنێت؟

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "الجزیره" لە ڕاپۆرتێکدا بە بەرجستەکردنەوەی تەوقەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرەستی تورکیا(MHP) لەگەڵ سیاسەتوانێکی کوردی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیادا، ئەم پرسیارەی ورووژاند کە ئومێد بە ئاشتەوایی نێوان تورکیا و پەکەکە چەندە راستە و چۆن دەتوانێ کۆتایی بە چەند دەیە شەڕ لەو وڵاتەدا بهێنێت؟

ئەمە لە کاتێکدایە کە باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و هاوپەیمانی نزیکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، خۆی یەکێکە لە توندترین دژبەرانی دۆزی کورد لە تورکیا و تەنانەت گەلێ‌ جار وەک "تیرۆریست" ناوی لە سیاسەتوانانی کورد بردووە و بە پەیوەندی و هاوکاری‌کردنی پەکەکە تۆمەتبار کردوە و بەردەوام جەختی لە داخستنی حزبی هەدەپە کردووە.

بەوەشەوە بەخچەلی خۆی دواتر سەبارەت بەو جووڵەیەی لە پەرلەمان ڕوونی کردەوە کە ئەمکارەی هەڵگری "پەیامێک بۆ سازدانی یەکگرتوویی و برایەتی" بووە و هاوکات پێشنیاری ئازادی مەرجداری عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پێشووی پەکەکەی لە زیندانی ئیمرالی خستەڕوو و وتی: بەو مەرجەی دەست لە توندوتیژی هەڵگرێت و ڕێکخراوەکەی هەڵوەشێنێتەوە.

بەڵام بەڵێنیی دانوستانی نوێی نێوان تورکیا و شەڕڤانانی کورد کە ٤٠ ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا لە شەڕ و ململانێدان، پاش هێرشەکەی ٢٣ی ئاکتەوبر بۆ سەر کارخانەیەکی کۆمپانیای هەوافەزای توشاسی ئەنقەرە کە کوژرانی ٥ کەس و ٢ هێرشبەری لێ کەوتەوە، چووە ژێر پرسیارە و ئەو وردە هەنگاوانەش کە بۆ ئاشتەوایی هەڵگیرابوونی، خستە مەترسییەوە.

پەکەکە دوو ڕۆژ دواتر بەرپرسایەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت و بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک وتی، ئەو هێرشە هیچ دەروەستی بە "پلانە سیاسییەکانی ئەمدواییە" نییە، بەڵکوو دەمێکەیە ئەو هێرشە پلانی بۆ داڕێژراوە، چونکە "توساش شوێنی بەرهەم‌هێنانی چەک و درۆنەکانی تورکیایە کە بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەسی مەدەنی و لەوان ژنان و منداڵانی کوردستان.

دەرفەتی مێژوویی بۆ ئاشیەوایی تورکیا و پەکەکە

ئەگەرچی ڕەنگە ئەم هێرشە نەتوانی هیواکانی ڕێککەوتن و ئاشتەوایی بە یەکجاری بخەسێنیت، چونکە لە هەر دوو لا، کەسان و لایەنگەلێک هەن کە بۆ پێشخستنی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ کۆتایی‌هێنان بە توندوتیژی هەوڵ دەدەن.

پارتی کوردی دەم‌پارتی یان هەدەپەی پێشوو یەک لەو لایەنانەیە کە هەر خێرا دوای هێرشەکە بۆ سەر توساشی، ئەو هێرشەی ئیدانەکرد و جەختی کرد: "ئەو هێرشە لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای تورکیا سەبارەت بە ڕێگەچارەی گەیشتن بە ئاشتەوایی گفتوگۆ دەکات و هەلی گفتوگۆ دەڕەخسێت، هیچ مانایەکی نییە".

تەنانەت ئەردۆغان بۆ خۆیشی پاش هێرشەکەی توساشی، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی وەک "دەرفەتێکی بێ‌وێنە" وەسف کرد و لە لێدوانی ٣٠ی ئاکتەوبردا وێڕای ستایش‌کردنی بەخچەلی بۆ تەرکیزی لە سەر "ڕێگای دروست"، وتی: "کەسانێک کە بانگەشەکانی سەرۆکی مەهەپە لەوبارەیەوە دەخوێننەوە، ڕەخسانی هەلێکی مێژوویی دەبینن".

هەر بۆیە دەم‌پارتی بە تێکۆشان بۆ سازدانی پێکهاتەیەکی فەرمی لە پێناو پێشخستنی دانوستانەکانی ئاشتی بە بەشداریی کەسایەتییە باڵاکانی هەموو حزبە سیاسییەکان خەریکی قۆزتنەوەی ئەم هەلەیە.

هێرشی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە عێراق و سووریا

پاش هێرشەکەی ئەنقەرە، تورکیا شەپۆلێک هێرشی ئاسمانی کردە سەر پەکەکە لە عێراق و سووریا و لەمناوە زۆرترین پلارەکانی تورکیا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شوێنی دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل(YPG)ی گرتەوە؛ هیزێک کە ئەمریکا لە ٢٠٢٥ بۆ شەڕی دژی داعش پڕ چەکی کرد و لەو ساوە ژێر چەتری پاڵپشتی ئەمریکایە و هەر ئەم مژارەش بۆتە هۆی ناکۆکیی ئەنقەرە و واشنتۆن.

ئەگەرچی تورکیا هیچ جیاوازییەک لە نێوان پەکەکە و یەپەگەدا نابینێت، بەڵام هێرشکەی توساشیی خستە ئەستۆی دوو هێرشبەری سووری و لەوبارەیەوە یەپەگەی تۆمەتبار کرد.

بەوەشەوە هەندێ لە کارناسان لایان وایە پێداگریی ئەردۆغان بۆ دانوستانەکانی ئاشتی، لە پێناو چاکسازیی یاسای بنەڕەتی ئێستاکەی تورکیایە کە مۆڵەتی بەشداریی دووبارەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ناداتێ.

پاڵپشتیی دەم‌پارتی لە پڕۆسەی ئاشتی

پاڵپشتیی دەم‌پارتی وەک سێهەمین حزبی بەهێزی تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتی بەو پێیە گرنگە کە وەک برێک ئەسەن مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ساباچی ئەستەنبۆڵ دەڵێت: ئەردۆغان لە هەموو ئیمکاناتەکان بۆ گەیشتنەوە بە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری کەڵک وەردەگرێت.

ئەسەن لەبارەی ئەم گۆڕانکارییانەدا وتیشی: هاوپەیمانی دەسەڵاتدار ڕەنگە هەوڵ بدات بە یاسای بنەڕەتیدا بچێتەوە و تەنگەژەکانی بەردەم بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان لابات. ئەوان ڕەنگە بیانەوێ هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن تووشی ئاژاوە بکەن و ئەگەر ئەم بڕیارە سەرنەکوت، لانی‌کەم تاقمێک لە دەنگدەران بە تایبەت دەنگدەرانی کوردی کۆنسێرڤاتی باشووری ڕۆژهەلاتی ئاناتۆلی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن.

لەو سۆنگەوە ئایدیای ڕێککەوتنی تورکیا بە ڕێبەریی ئەردۆغان و پەکەکە زۆر دوور لە زەین نییە. چونکە پارتی ئاکەپە(AKP) هەر لە ساڵانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ دەستەبەرتکردنی مافێکی زیاتر بۆ کوردەکانی تورکیا و پڕۆسەی ئاشتی پێشتر هەر لە ژێر چاوەدێریی ئەو حزبەدا لە ٢٠١٣دا دەستی پێکرد.

ئاشتەوایی لە دڵی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین

پاڵپشتیی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ڕەنگە بۆتە هۆی نیگەرانیی گرووپە کوردییەکانی وەک پەکەکە کە پێوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی فەلەستیندا هەیە و دەم‌پارتیش لەم دواییەدا بە توندی ڕەخنەی لە هەڵمەتەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و لوبنان گرتووە.

لە لایەکی ترەوە بە هەڵبژاردرانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێدەچێت هێزەکانی ئەمریکی لە سووریا بکشێنەوە و ئەوەش واتە کۆتایی پاڵپشتیی ئەمریکا لە یەپەگە.

دیارە تورکیا وەک برێک ئەسەن دەڵێ هەر لە ئێستاوە بە دوای قۆزتنەوەی ئەو هەلە و پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێن و پەرەدان بە دەسەڵاتی لە ناوچەکەیە.

شەڕ و ململانێی ئەکتەرانی ناوچەیی و قەیرانی تەشەنەداری ناوچەکە لە پەنای لاوازبوونەوەی پەکەکە پەیتا پەیتا تورکیا لەو ئارەزووە نزیک دەخاتەوە و دیارە پڕۆسەی ئاشتی خاڵی کۆتایی وەدی‌هاتنی ئەو خەونەیە.

بەڵام ئایا بەهرەوەرگرتنی تورکیا لە کەسایەتی ئۆجەلان کە بۆ زیاتر لە دوو دەیە دەچێت تەریک خراوەتەوە، دەتوانی ئەو کاریگەرەی لە سەر پەکەکە هەبێت کە ڕایانکێشێتە پای میزی دانوستان. هەر چەند ڕاپرسینەوەی ئەم دواییەی ڕێکخراوەی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ٢٤ی ئاکتەوبر نیشانی دا کە لە سەدا ٧٥ی وەڵامدەرانی ئەو ڕاپڕسینەوەیە دژی ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلانن.

هەروەها بێ‌ڕێزیی لایەنگرانی یاری تۆپی‌پێ بە کەسایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە یارییەکی یانەی فەنەرباخچە لە ئەستەنبۆڵ پاش هێرشەی پەکەکە بۆ سەر ڕێکخراوی هەوافەزای ئەنقەرە، بەجۆرێک دەتوانێ نیشاندەری کاردانەوەی گشتیی خەڵکی تورکیا بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە بێت.

News ID 52526

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha